بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

ـ لە مانگی ڕشەمەی ١٤٠٠دا لانیکەم ٩ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و یەزد بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ٤ کەس لەمانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی زیندان کراون.

هەروەها لە کۆتاڕۆژەکانی ساڵی ١٤٠٠دا بە دەیان هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستان، لەبەر ڕێکخستنی ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکانی نەورۆز بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکان کراون و لەسەر بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمانە هەڕەشەیان لێ کراوە.

ـ لە مانگی ڕشەمەی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن دادگاکانی گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشانەوە بە تۆمەتی سیاسی حوکمی بەندکران و لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

فیرووز مووسالوو خەڵکی خووی و حاتەم ئۆزدەمیر هاووڵاتیی خەڵکی تورکیا هەرکامە دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی بە ڕیز لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ و لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

ـ لە مانگی ڕشەمەی ١٤٠٠دا لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و ئیلام لەسێدارە دراون. تۆمەتی یەک لەم کەسانە «مادە سڕکەرەکان» و ٣ کەسی تریشیان بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی قەساسیان بۆ دەر چووبوو. ئەمە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی لەڕێی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی خۆیەوە جێبەجێکردنی حوکمەکەیان پشتڕاست بکاتەوە. پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەیش زیاتر بێت.

ـ لە مانگی ڕشەمەی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان ٢ هاووڵاتیی کورد لە ڕێگای کۆڵبەریدا بە هۆی جەڵدەی دڵ و ڕەقبوونەوە بە سەرما گیانیان لەدەست داوە و لانیکەم ٢١ کۆڵبەریش بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، تەقینەوەی مین، ڕووداوی هاتوچۆ و بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بریندار بوون. هەروەها کۆڵبەرێکی ١٩ ساڵان بە ناوی دانا ساڵحپوور دوای کەوتنە ناو ڕووبار خنکاوە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ـ لە مانگی ڕشەمەی ١٤٠٠دا لانیکەم ٣ کرێکاری کورد لە شارەکانی ورمێ، کامێران و سەحنە بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

ـ لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕشەمەی ١٤٠٠ و لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە ئینتیزامییەکان لە نزیک گوندێکی شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان دوو هاووڵاتیی کوردی یارسانی بە ناوەکانی سوورەت سەییادی و پووریا ڕەزایی (دایک و منداڵ) کوژراون.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: