بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

ـ لە مانگی گوڵانی ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراوە و کۆڵبەرێک بە جەڵدەی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا گیانی لەدەست داوە.

هەر لەم مانگەدا لانیکەم ٢٢ کۆڵبەر کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوون کە لە نێویاندا دوو منداڵ دەبینرێن. ٥ کۆڵبەریش لە کاتی ڕاوەدووناندا لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە و بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و ٢ کۆڵبەریش هەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بوون.

هەروەها لەم مانگەدا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کەمال بایزیدی، عوسمان وەیسی، کەمال، ئەیووب پیرووزی، دانا پیرووزی، ئەیوب پیرووزی و ئەبووبەکر فەتاحی لە مەهاباد و مەریوان بە بیانووی قاچاخی شتومەک و ئاژەڵ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

ـ لە مانگی گوڵانی ١٤٠٠دا لانیکەم ٢١ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ژمارەیەک لەم کەسانە دوای چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژ ئازاد کراون و ژمارەیەکی تریان هێشتا هەر دەستبەسەرن.

زۆربەی دەستبەسەرکراوان لە چالاکانی پیشەیی کرێکاران و مامۆستایانن کە لەسەر گردبوونەوە ناڕەزاییەکانی کرێکاران و مامۆستایان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران و مامۆستایانیان لەبەر ڕێکخستن یان بەشداریکردن لە گردبوونەوە ناڕەزاییەکاندا بانگهێشت کردووە و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.

لانیکەم ١٣ چالاکی پیشەیی کرێکاران و مامۆستایان بە ناوەکانی عوڵامڕەزا شەریفە، ئارمین شەریفە، شەیس ئەمانی، موزەفەر ساڵحنیا، تۆفیق مەحموودی، مەجید کەریمی، فاتمە زەندکەریمی، موختار ئەسەدی، ڕەزا مورادی، سەلاح حاجی‌میرزایی، محەممەدڕەزا مورادی، کووروش عیزەت ئەمینی و نەسرین کەریمی لە شاری سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

هاوکات دۆسیەی ٩ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زێویە) بە ناوەکانی لەیلا عینایەتزادە، تاهیر ئەحمەدی، ئاوات ڕەزەوی، تاهیر قادرزادە، ئامانج ئەمینی، عەزیز مەرزی، ئەحمەد قادری، خالید عەبدوڵڵاهی و سلێمان عەبدی نێردراوەتە بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز.

ـ لە مانگی گوڵانی ١٤٠٠دا لانیکەم ١٩ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن دادگای گشتی و شۆڕشی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و خوراسانی باکوورەوە بە تۆمەتی سیاسی حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ـ لە مانگی گوڵانی ١٤٠٠دا بە تەقینەوەی مین سەربازێکی خەڵکی ماکۆ کوژراوە و سێ هاووڵاتیی کوردیش بریندار بوون.

ـ لە مانگی گوڵانی ١٤٠٠دا لانیکەم دوو کرێکاری کورد لە کاتی کاردا کارەبا گرتوونی و گیانیان لەدەست داوە.

ـ لە مانگی گوڵانی ١٤٠٠دا لانیکەم ژنێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی موحتەرەم وەیسی بە پاڵنەری «نامووسی» و بە دەستی کوڕەکەی کوژراوە.