بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠١دا:

ـ لانیکەم ٤٨ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ـ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی چالاکوانێکی کورد لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە وەک خۆی پەسەند کرا. هەروەها ١٥ چالاکوانی پیشەیی مامۆستایان بە ناوەکانی نەسرین کەریمی، فاتمه زەندکەریمی، مەجید کەریمی، سەلاح حاجی‌میرزایی، ڕەزا مورادی، ڕەزا تەهماسبی، غیاس نێعمەتی، سادق کەنعانی، کووروش عیزەتی، ڕزگار حەیدەری، فەیسەڵ نووری، موختار ئەسەدی، ئارام ئیبراهیمی، شەهریار نادری و بێهزاد قەوامی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە دادگایی کران.

ـ لانیکەم ٢ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی پێوەندیدار لەگەڵ «مادە هۆشبەرەکان»دا لە زیندانەکانی ساری و یەزد لە سێدارە دران. ئەمانە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان توانیویەتی لە سەرچاوەی جیاوازەوە ئاگاداریی لەسەر ئێعدامکردنیان بەدەست بهێنێت و پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت.

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان ١٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لەبەر ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان، بریندار بوون.

ـ لانیکەم ٤ ژنی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و هەرێمی کوردستان بە دەستی هاوسەر، هاوسەری پێشوو و هاوسەری خوشک کوژراون.

ـ بە هۆی تەقینەوەی مینەکانی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقەوە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لانیکەم هاووڵاتییەکی کورد کوژراوە و سێ هاووڵاتیی کوردی تریش بریندار بوون.

ـ لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕدا (٦ی جولای) مەتین حەسەنوەند، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، دوای وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتی لە هەوڵێکی خۆکوشتندا گیانی لەدەست دا.

ـ لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕدا (١ی جولای) لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی یەکەی فریاکەوتنی ئیلام لە ئۆتۆمبێلێک لە شەقامێکی ئیلامدا، حەبیب ئاژ، شۆفیری ئۆتۆمبێلەکە، دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و کەسی هاوڕێیشی بە ناوی وەحید عەتایی بە قورسی بریندار بوو.

ـ لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕدا (٣٠ی ژوەن) ٢٢ کەس لە زیندانییانی سوننەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سووکایەتیکردنی داواکاری گشتیی تاران بە خەڵکی سوننەی ئێران، مانیان لە خواردن گرت.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: