بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،

لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢دا (جولای و ئاگۆستی ٢٠٢٣)

ـ لەم مانگە و لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لانیکەم ٨٥ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە نێو دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگەدا ٢ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. هەروەها ٤ هاووڵاتی و منداڵێکی دەستبەسەرکراویش لەم ماوەیەدا ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

هەر لەم مانگە و لە درێژەی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی و ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون ئازاد کراون بەڵام لەسەر چارەنووسی ئەو دادخوازانەی تر هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ـ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراوی کوردی تۆمار کردووە کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

ـ هەر لەم مانگەدا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی عەلی نەزەری بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی لە شەقامێکی ئەم شارەدا کوژراوە. هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی فارووق ڕەشیدی بە دەستی چەند ئەندامێکی گرووپێکی توندئاژۆی مەزهەبی بە چەقۆ کوژراوە. لەم مانگەدا ٢ سەربازی کورد بە ناوەکانی سیرووس شوکریی ئەڵماسی و ڕەحمان شەمس لە بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش لە ورمێ و قەسری شیرین بە دەسڕێژی فەرماندەکانیان کوژراون. هەرچەند بەرپرسانی سوپا و ئەرتەش ئیدیعا دەکەن کە ئەم ٢ سەربازە خۆیان کوشتووە، بەڵام بنەماڵەکانیان وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە دەڵێن کە منداڵەکانیان بە دەستی فەرماندەکانیان کوژراون.

ـ لانیکەم ٦ هاووڵاتی و چالاکی مەدەنی لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و گشتیی شارەکانی سەقز، سنە و شیروان چەرداوڵەوە سزای بەندکرانیان لە ٣ مانگەوە تا ١٥ ساڵ بەسەردا سەپاوە. 

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، بانە و نەوسوودی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان، ٣ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی حەسەن تۆفێق‌زاده، ئاسۆ کەریمی و ئەرسەلان ڕەسوولی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون، هەروەها کۆڵبەرێکیش بە ناوی ڕەسوول گاگشی بە هۆی لێدانی ئۆتۆمبێلی هێزە سنوورپارێزەکانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناوی حسەین خالە بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییە سنوورییەکانی چیای قەندیلەوە گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لانیکەم ١٧ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و ئێراق لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانەی پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان بریندار بوون.

ـ هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵدا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بە سەختی بریندار بووە.

ـ لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژدا (٣٠ی جولای) ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی خوازیاری هەلی کار لە گوندی «ئاق‌دەرەی ناوەڕاست» لە بەردەم کانزای ئەم گوندەدا کۆ بوونەوە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بە قورسی سەرکوت کران. لە ڕەوتی دەسڕێژ و تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامیدا لانیکەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئارمین نیکزاد، ناسر بەهرامیان و حوجەت موئمینزادە بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی زەنجان و ورمێ کراون. لە درێژەی سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ناڕازیدا، بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) کاروانێکی پۆلیسی ئینتیزامیی شاری تیکاب هێرشیان کردە سەر گوندەکە و وێڕای لێدان و ئەشکەنجەی هاووڵاتیان، بە دەیان کەس لە دانیشتوانی ئەم گوندەیان دەستبەسەر کرد.

ـ لەم مانگەدا کرێکارێکی خەڵکی ئیلام بە ناوی حەیدەر موحسینی لەبەر دەرکران لە کارگەی پیترۆکیمیای ئەم شارە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەروەها ٥ کرێکاری دیکە بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە:

https://kurdistanhumanrights.org/fa/?p=21798