بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) سلێمان عەبدی، مامۆستا و لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز و زێویە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەم مامۆستا کوردە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (١٩ی مارس) بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. سلێمان عەبدی لە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەدا (٥ی ئاوریل) و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی سەقز کرابوو.

لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەدا (٢٦ی مارس) کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سەقز دژ بە بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی ئەم مامۆستایە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارەدا کۆ بوونەوە. ئەم مامۆستایانە بە هەڵدانی پلاکارد و وتنەوەی دروشمی پشتیوانیکردن لە سلێمان عەبدی، داوای ئازادکردنی ئەم مامۆستایەیان کرد.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.