نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کورد، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە و بە شێوەی غیابی هەر بەم تۆمەتە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو کە دوای تانەلێدان حوکمەکە هەڵوەشایەوە و ڕادەستی بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕش کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی خاکەلێوە (١٥ی ئاوریل) ئەم حوکمە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەنراوە. بەپێی دەقی حوکمەکە، ئەم زیندانییە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە نەخۆشیی بەردی گورچیلەی هەیە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکانی نەخۆشخانەی زیندان سەبارەت بە ناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، تا ئێستا بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان لەم کارە کردووە و بە درێژایی ئەم ماوەیە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

ناوبراو کە لە چەند ساڵ پێش دەستبەسەرکردنەوە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) بە شێوەی غیابی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو.

نایب عەسکەری لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانییانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامە حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٦ی جولایی ٢٠٢١) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نەدانی مۆڵەتی یاسایی بە مەبەستی هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکاریی پێویست، بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.