ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی خاکەلێوە (١٥ی ئاوریل) بەندکراوێکی ٦٥ ساڵان بە ناوی عەبدوڵڵا بەدەوی بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عەبدوڵڵا بەدەوی نەخۆشیی دڵ و شەکرەی لەگەڵ بووە و لە ساڵی ١٣٩٣وە (٢٠١٤) سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکانی نەخۆشخانەی زیندان لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و مۆڵەتی پشووی دەرمانی بێبەش کرابوو. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بە جەڵدەی مێشک گیانی لەدەست داوە.

ئەم زیندانییە لە جۆزەردانی ١٣٩٣دا (مەیی ٢٠١٤) دەستبەسەر کرا و لە دۆسیەیەکدا بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٢ ساڵ بەندکران و لە دۆسیەیەکی تریشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو. حوکمی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕدرابوو بۆ سزای بەندکرانی هەتاهەتایی.