بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد، دوای ٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەدا (١٥ی مارس) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی سەقز.

ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.

عوسمان ئیسماعیلی لە ناسراوترین چالاکانی کرێکاریی کوردستانە کە چەندین جار بە هۆی پشتیوانکردنەوە لە مافەکانی کرێکاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.