لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ ٣ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم، نایب حاجیزادە و نایب عەسکەری بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کوردەوە لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی داوە.
تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە کۆبوونەوەی دادگای ئەم ٣ زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕدا بەڕێوە چووە و ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ بە شێوەی فەرمی بە هەرسێکیان ڕاگەیەنراوە.
بەپێی حوکمەکە، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ لقی ١١٩ی دادگای کەیفەریی دووی بینای شەهید بەهەشتیی ورمێ، کەیهان موکەڕەم، نایب حاجیزادە و نایب عەسکەریی بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» بە ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندان مەحکووم کردووە. دادوەر موحسین مورادی ئوجقاز لە حوکمەکەدا ڕایگەیاندووە کە بەپێی یاساکانی سزای جێگرەوەی زیندان، حوکمی ٣ مانگ زیندانەکەی ئەم بەندکراوانە دەشێت بگۆڕدرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی خۆڕایی لە بەشی کرێکاریی زینداندا.
لە ڕێکەوتیی ٦ی پووشپەڕدا زیندانیی سیاسیی کورد نایب حاجیزادە لە هۆڵە سەرەکییەکەی زینداندا کەوتە بەر پەلامار و لێدانی دوو زیندانیی ئاساییەوە. دوای ئامادەبوونی بەرپرسانی زیندان ناوبراو گەڕایەوە بەندی زیندانییانی سیاسی، بەڵام دوای کاتژمێرێک ئەمجار لە نێوان ئەو دوو زیندانییە و زیندانییە سیاسییەکاندا لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زینداندا تێکهەڵچوون ڕووی دا. کردنەوەی ئەم دۆسیە تازەیە لەسەر سکاڵای ئەمیر سوهرابی، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بووە و ئەو دوو زیندانییەی پەلاماری نایب حاجیزادەیان داوە وەک شایەتحاڵ براونەتە بەردەم دادگاکە.

نایب حاجیزادە لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپا.
کەیهان موکەڕەم لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «ئەنبێ»ی نزیک ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە ماوەیەک لەمەوپێش لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)» حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێیش لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا دوای نزیکەی سێ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.