ئەمڕۆ ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبەر) ساڵیادی گیانبەختکردنی موحسین قەیسەری، ئیمان محەممەدی، سەعید محەممەدی، نەوشیروان فوولادی، ئەمیرحسەین بەساتی، سەدرەدین لیتانی، ئەمین مەعریفەت، میلان حەقیقی، عەلی موزەفەریی سالانقووچ، مێهدی بەبرنژاد، عەبدوڵڵا مەحموودی، دانش ڕەهنما، عەلیڕەزا فەتحی، محەممەد زارعی، ڕووزبێهـ خادمیان، عیرفان خەزایی و فواد قەدیمی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی ئیلام، شاباد، قووچان، قەزوێن، کرماشان، شەهریار، وەرامین، کەرج و دیواندەرە بوو.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باس لە ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە نزیک گۆڕستانی ئەم شارانە و ڕێگریکردنیان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردوان لەسەر مەزارەکانیان دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری شاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا) بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هێزە ئەمنییەکان لە دەروبەری گۆڕستانی ئەم شارەدا جێگیر بوون و نەیانهێشتووە هاووڵاتیان بچنە ناو گۆڕستانەکەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە چەند ڕۆژ لەمەوپێشەوە دەیان هاووڵاتی و جالاکوانی ئەم شارە بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردواندا بەشداری بکەن.

هەروەها سەرچاوەیەک لە ئیلامەوە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووە سەر ڕێوڕەسمی ساڵیادی موحسین قەیسەری لە گۆڕستانی ئەم شارەدا.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان لانیکەم سێ هاووڵاتییان لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کردووە کە محەممەدحسەین قەیسەریی برای موحسین قەیسەری یەک لەو کەسانەیە.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی دیواندەرە، گوندی «بالۆ» و قووچانیشەوە باس لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارانەدا لەبەر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان دەکەن.