مەهوەش تەوەسولی و جووتیار ئەشرەفزادەی هاوژینی کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە پیرانشار دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە بارمتە ئازاد کرابوون، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٢ ساڵ چاودێری و کۆنترۆڵ لە ڕێی پێبەندی ئەلەکترۆنیکەوە و ٣ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە حوکمەکەدا کە ڕۆژانی ڕابردوو بەم ٢ هاووڵاتییە ڕاگەیەنراوە، سزای هەرکامەیان بەم جۆرە دیاری کراوە: مەهوەش تەوەسولی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٢ ساڵ چاودێری و کۆنترۆڵ لە ڕێی پێبەندی ئەلەکترۆنیکەوە و جووتیار ئەشرەفزادەی هاوسەریشی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» سزای ٣ ساڵ بەندکران.

دەوترێت لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاردا، داواکاری گشتیی ئەم شارە تانەی لە حوکمەکە داوە و داوای کردووە سزای سەر ئەم هاووڵاتیانە قورستر بکرێتەوە.

مەهوەش تەوەسولی و جووتیار ئەشرەفزادە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (٢٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کران و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.