سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بابەک کەریمی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ئەیوانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئیلام کە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری ئیلامەوە دەرکرابوو، لە دادگای پیاچوونەوەدا بە گشتی گۆڕدراوە بۆ ٤ ساڵ و ٩ مانگ و ٢ ڕۆژ بەندکران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانگهێشتی بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئیلام کراوە و حوکمە پەسەندکراوەکەی پێ ڕاگەیەنراوە. ئەم حوکمە بەبێ ئەوەی کۆبوونەوەی دادگا بەڕێوە بچێت و خۆی و پارێزەرەکەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، دەرکراوە.

بەپێی حوکمەکەی لقی دووهەمی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلام، بابەک کەریمی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی ناوخۆی ئێران» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە ڕیز سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک و ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، گەورەترین سزاکە، واتە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دۆسیەیەکی تر بۆ ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی ئەیوانی ڕۆژئاوادا کراوەتەوە و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٢ی گوڵان (٢ی مەی) لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام بەڕێوە چوو و لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕدا (١ی جولای) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا. بەپێی ئەو حوکمە، بابەک کەریمی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ» سزای ٥ ساڵ بەندکران، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ٢ ساڵ بەندکران و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

بابەک کەریمی لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئەیوانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە لەو ماوەیەدا دوو جار بە نیشانەی ناڕەزایی لە مانەوە لە دۆخی دەستبەسەربووندا مانی لە خواردن گرتبوو.