دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی ڕەسوول یوونسی و ئەحمەد حەیدەری کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهار چووبوونە ناوچە سنوورییەکانی نێوان شنۆ و هەرێمی کوردستان، بە هۆی بۆردومانی درۆنەکانی ئەرتەشی تورکیاوە گیانیان لە دەست دا. تەرمەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گوڵان (١ی مەی) دوای چەند ڕۆژ گەڕانی بەردەوامی خەڵک لە ناوچەی «خنێرە»ی هەرێمی کوردستان دۆزرانەوە و ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری شنۆ کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕەسوول یوونسی و ئەحمەد حەیدەری ڕۆژی شەممە ٨ی گوڵان (٢٧ی ئاوریل) بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری چووبوونە ناوچە سنوورییەکانی نێوان شنۆ و هەرێمی کوردستان، بەڵام پێوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا پچڕابوو. دوای چەند ڕۆژ گەڕانی بەردەوامی خەڵک بە ناوچەی سنووریی «خنێرە»ی هەرێمی کوردستاندا، دواجار تەرمەکانیان دۆزرانەوە و دەر کەوت کە ئەم دوو هاووڵاتییە بە هۆی بۆردومانی درۆنەکانی ئەرتەشی تورکیاوە گیانیان لە دەست داوە.

تیمی کوردستانی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤییCPT  لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گوڵان (٢٨ی ئاوریل) لە بۆردومانی درۆنەکانی ئەرتەشی تورکیادا گیانیان بەخت کردووە.

پێشتریش، لە ڕێکەوتی ٩ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢)، دوو لاوی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی فاخر تازەوارد، ٣٥ ساڵان و ڕەشید میرۆ، ٣٥ ساڵان، هەر لەم ناوچەیە و لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاردا بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئەرتەشی تورکیاوە گیانیان لە دەست دابوو.