بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گوڵان (١٥ی مەی) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی سیرووس حەیات‌بینی، محەممەدکەریم فازڵی و محەممەدڕەزا ڕەحیمپوور کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) سزای لەسێدارەدانی لانیکەم دوو بەندکراو بە ناوەکانی فەڕوخ خانمحەممەدی و ڕەزا غوڵامحسەینی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گوڵان (١٥ی مەی) سێ بەندکراو بە ناوەکانی سیرووس حەیات‌بینی، محەممەدکەریم فازڵی و محەممەدڕەزا ڕەحیمپوور کە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دراون.

سیرووس حەیات‌بینی و محەممەدکەریم فازڵی خەڵکی کووهدەشت و محەممەدڕەزا ڕەحیمپوور، خەڵکی نوورئاوا (دولفان)ی پارێزگای لوڕستان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو دوو بەندکراو بە ناوەکانی فەڕوخ خانمحەممەدی و ڕەزا غوڵامحسەینی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام لە سێدارە دراون.

فەڕوخ خانمحەممەدی، ٦٠ ساڵان و خەڵکی گوندی «گوڵزار حەداد»، نزیکەی ١٤ ساڵ لەمەوپێش و ڕەزا غوڵامحسەینی، ٢١ ساڵان و خەڵکی گوندی «بان زیارەت»ی ئیلام، نزیکەی یەک ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کەشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو