دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی هێدی (ئومید) شادیخاە و کازم تابناک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ (٣ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان هێدی شادیخاهیان لە شوێنی کارەکەی لە شنۆ دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو کازم تابناک دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان پێش لەوەیش چوونەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و ویستوویانە دەستبەسەرری بکەن.

هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.