بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی گەلاوێژ (١٤ی ئاگۆست) پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی زاهیر مورادی، ئارش پیری، هیوا میرزایی، حەکیم میرزایی و ئەنوەر پەیغامی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی هاوکات و بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و ماڵەکانیان پشکنیون و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسییاندا گرتووە.

هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم پێنج هاووڵاتییە کوردە بەردەست نەکەوتووە.