بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٤ مامۆستا و چالاکی پیشەیی بە ناوەکانی حیسام مێهدیزادە، ئیدریس مێهدیزادە، فەرزین موەفەقی و خەبات موزەفەری دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای کامێران دەستبەسەر کراون.

حیسام مێهدیزادە و ئیدریس مێهدیزادە، دوو برای دەستبەسەرکراو، دوای دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کراون بەڵام فەرزین موەفەقی و خەبات موزەفەری تا ئێستایش هەر دەستبەسەرن.

پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەردا (٢٦ی سێپتامبر) لەیلا عەباسی، هونەرمەند و ئەندامی ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی بیجاڕ کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

بە هۆی پچڕان یان خاوبوونەوەی بەرچاوی هێڵەکانی ئینتەرنێت و سەپاندنی کەشێکی زۆرقورسی ئەمنی بەسەر ئەو شارانەدا کە بوونەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، بەدەستهێنانی ئاماری ورد و دروست لە ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەلێ ئەستەمە و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە پشتبەستن بە لانیکەم دوو سەرچاوە لە هەر شارێکدا ئاماری سەرنجڕاکێشی ٦٧٥ دەستبەسەرکراویان پشتڕاست کردۆتەوە. لە ناو دەستبەسەرکراواندا لانیکەم ١٨ منداڵ دەبینرێت.