سۆران (پوویا) ڕەشیدی، سپیچ تراپیست و سامان غەزاڵی، چالاکی مەدەنی، کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە قەزوین و مەهاباد دەستبەسەر کراون، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دەستبەسەرکردنی نایاسایی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سۆران ڕەشیدی، سپیچ تراپیستی خەڵکی مەریوان و دانیشتووی قەزوین، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە شەوی ١ی ڕەزبەردا (٢٣ی سێپتامبر) هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی لە قەزوین، دەستبەسەر کراوە. کۆرپەلە دوو مانگانەکانی هاوسەرەکەیشی بە هۆی دڵەخورپە و سترێسی ئەم ڕووداوەوە لەبار چووە.

سۆران ڕەشیدی یەکێکە لە پێنج سپیچ تراپیستی پسپۆڕ لە ئێراندا و سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی ژمارەیەک لە نەخۆشەکانی چوونەتە دادگا و زیندانی چووبیندەری قەزوین و داوایان کردووە ئەم پزیشکە ئازاد بکرێت، بەڵام لێپرسەوەی دۆسیەکە بە بیانووی جۆراوجۆر بەر بە ئازادکردنی دەگرێت.

سۆران ڕەشیدی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەر (١٣ی ئۆکتۆبر) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە زیندانی چووبیندەری قەزوینەوە ڕایگەیاندووە کە دەست دەداتە مانگرتنی وشک لە خواردن و ئیدی لەو ڕۆژەوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها لەسەر چارەنووسی سامان غەزاڵی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد کە لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەرەوە (٢٥ی سێپتامبر) دوای بەنگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) لە زیندانەوە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرتووە و ڕایگەیاندووە کە وەک ناڕەزایی لە بەرانبەر بەردەوامێتیی مانەوە لە حاڵەتی دەستبەسەربووندا مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ. هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبر) بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە سەردانی دادگای مەهابادیان کردووە و لەوێ پێیان ڕاگەیەنراوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونەکەی تازە کراوەتەوە.