بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەژوان قادرمەرزی، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە، لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەنداندا (٢٥ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە براکەیشی واتە مێهرداد قادرمەرزی لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباردا (٢ی ژانڤییە) لە قوروە دەستبەسەر کرابوو و ئێستە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی مێهرداد قادرمەرزیدا دەستیان گرتووە بەسەر لابتۆب و مۆبایلەکەی خۆی و ئەندامانی تری بنەماڵەکەی و لەوانە لابتۆب و مۆبایلی براکەی واتە کەژوان قادرمەرزیدا، هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر ئۆتۆمبێلی بنەماڵەکەیشیاندا.

لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا و دوابەدوای بەدواداچوونی بەردەوامی باوکی بنەماڵەکە بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکە، هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە بە مەرجێک ئۆتۆمبێلەکەیان پێ دەدەنەوە کە کەژوان خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات بکات.