بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبرییە) ئاریەن کۆخایی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئیلام، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر پشتگوێخستنی دۆسیەکەی و نادیاربوونی چارەنووسیدا، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرت.

لقی سێهەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلام تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری»، «تێکدان و خۆنواندن بە چەکی گەرمەوە» و «تێکدانی ئارامیی گشتی»ی داوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە و بەپێی ئەم تۆمەتانە دۆسیەیەکی بۆ کردووەتەوە. ئاریەن کۆخایی لە کۆتایی سەرماوەزدا (دێسامبری ٢٠٢٢) لە دووتوێی دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان» سزای غەرامەی بەسەردا سەپابوو.

ئاریەن کۆخایی، ١٩ ساڵان و خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا.