بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕەزا لوتفی، ١٩ ساڵان، خەڵکی شاری دێولانی پارێزگای کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت کوژرا.

دوای کوژرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵێن کە کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراوە.

دوابەدوای بەردەوامبوونی هەڕەشە و گوشارەکان، کەمال لوتفیی باوکی ڕەزا لوتفی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.