بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١١ی گوڵان (٣٠ی ئاوریل) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی فەرامەرز مورادی کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەردەبیل جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ٣١ ساڵەیەی خەڵکی گوندی «هەرکیان»ی ناوچەی شەپیرانی سەر بە شاری سەڵماس، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

پێشتر برایەکی ئەم بەندکراوەیش بە ناوی نجوومی مورادی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درابوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لانیکەم دوو زیندانی بە ناوەکانی ئەفشین باغ شیرین و ئەرسەلان هاشمی لە زیندانە ناوەندییەکانی ورمێ و هەمەدان لە سێدارە دراون.