بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی گوڵان (١٤ی مەی) محەممەد دانیالی، چالاکی فەرهەنگیی کورد و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «بنار»ی ئاودانان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دێلوڕان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ئیلام.

ئەم چالاکە فەرهەنگییەی خەڵکی ئاودانان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە مۆڵەتێکی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (٢١ی مارس تا ٢٠ی ئاوریل) لانیکەم ١٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و خوراسانی ڕەزەوی، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. یەک کەس لەمانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی قوروە کراوە، بەڵام ئەوانی دیکە یان هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.