سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردنی کەمال لوتفیدا، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولان، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا ئەم بنەماڵە دادخوازە چەندەها جار سەردانی دەزگای دادوەری و دامودەزگای ئەمنیی شارەکانی دێولان، سنە و کامێرانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو دەزگایانە تا ئێستە هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە پێ نەداون.

پێشتر و لەسەرەتای گوڵاندا (کۆتایی ئاوریل) ڕاگەیەنرابوو کە کەمال لوتفی دوای کۆتاییهاتنە لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی کامێران کراوە، بەڵام دوای ئەوەی بنەماڵەکەی سەردانی ئەو زیندانەیان کرد، بەرپرسانی زیندان ئەو هەواڵەیان بە درۆ خستەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. هەروەها لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

کەمال لوتفی ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی دێولاندا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

کوڕی ئەم هاووڵاتییە، ڕەزا لوتفی، ١٩ ساڵان، خەڵکی شاری دێولانی پارێزگای کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت کوژرا.

دوای کوژرانی ڕەزا لوتفی، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵێن کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراوە.

دوابەدوای بەردەوامبوونی هەڕەشە و گوشارەکان، کەمال لوتفیی باوکی ڕەزا لوتفی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.