بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢ی پووشپەڕ (٢٣ی ژوەن) وەحید چاوران، شاخەوانی خەڵکی شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام، لە کاتی چوونەدەرەوە لە ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە چەند مانگی ڕابردوو و لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئاوداناندا، دامودەزگا ئەمنییەکان چەندین جار بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی وەحید چاوران چووبوونە سەر ماڵەکەیان، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبووە، نەیانتوانیبوو دەستبەسەری بکەن. لە دواهەم جاری هێرشکردنە سەر ماڵەکەیان لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (١٥ی فێبرییەی ٢٠٢٣)، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان هەڵدابووە ناو ماڵەکە و لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا دۆخی تەندروستیی دوو خوشکی ئەم هاووڵاتییە تێک چووبوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوون.