ئەسرین ئەفسەر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەریوان، دوای تێپەڕینی نزیکەی مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بەبێ ئەوەی مافی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەری پێ بدرێت، هێشتا هەر لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە دوای ئەوەی لە مەریوان دەستبەسەر کرا یەکسەر گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە و بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ئەسرین ئەفسەر لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەرداندا (١٤ی ژوەن) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.