بنەماڵەی ٩ پەناخوازی کورد بە ناوەکانی دەماوەند پاک سرشت، موبین وەلەدبەیگی، ئەفشار ڕوستەمی، بەهمەن شادڕەوان، مەسعوود حەیدەری، سەعید ئەحمەدی، فەردین دەروێشپوور، هیدایەت ڕوخزادی و سامرەند خزربوور بۆ دووهەم ڕۆژی بەردەوام لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران کۆ بوونەوە.

ئەم پەناخوازە کوردانە ١١٦ ڕۆژ لەمەوپێش دوابەدوای دەستبەسەرکران لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە و ڕادەستکردنیان بە هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سووریا، لە زیندانێکدا لە سووریا بەند کراون.

تا ئێستا بەرپرسانی باڵیۆزخانەی تورکیا ئامادە نەبوون لەگەڵ نوێنەری بنەماڵەکانی ئەم ٩ پەناخوازە دیدار بکەن و بنەماڵەکان تەنها توانیویانە نامەیەکی ڕەسمی پێشکەشی باڵیۆزخانە بکەن، بەڵام هیچ وەڵامێک بەم نامەیە و داواکاریی دیدارکردنیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەدا نەدراوەتەوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی ئەم پەناخوازانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم پەناخوازە کوردانە لە شارەکانی پاوە و سەردەشتەوە چوونەتە تاران و لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران کۆ بوونەتەوە. لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم بنەماڵانە لە ڕێی دامودەزگا جۆراوجۆرە دەوڵەتییەکانی ئێرانەوە هەوڵێکی زۆریان بۆ ئازادکردنی منداڵەکانیان خستۆتە گەڕ، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ ئازادیی ئەم کەسانە هەڵنەگیراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە کاتی ڕادەستکردنی ئەم ٩ پەناخوازەوە بە هێزەکانی ئەرتەشی ئازاد، تا ئێستا تەنها لە ڕێگای دامەزراوەیەکی مەدەنییەوە توانیویانە فایلێکی دەنگییان لە منداڵەکانیان دەست بکەوێت و لەو کاتەوە ئیتر زانیارییەکی دروست لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە: «بەپێی ئەو ئامارە ناڕسمییانەی دەستمان کەوتووە ئەم ٩ پەناخوازە ماوەیەک لە زیندانێکی نهێنی لە شاری عەزازی سووریا بەند کراون و لەم ماوەیەدا بە قورسی ئەشکەنجە کراون. هەروەها ماوەیەک لەمەوپێش گوازراونەتەوە بۆ زیندانێکی سەربازی لە شاری بابولئیسلام لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا، اەوان لەم زیندانە سەربازییەدا لە دۆخێکی سەخت و بەبێ کەرەستەی گەرمکەرەوە و تەندروستیدا ژیان دەکەن».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «لەگەڵ ئەم ٩ پەناخوازەدا ٥٧ پەناخوازی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بۆ سووریا دیپۆرت کرابوونەوە بەڵام هەرهەموویان دوای ماوەیەک بە هۆی بەدواداچوونی نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستانەوە ئازاد کران، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بۆ ئازادیی ئەم ٩ هاووڵاتییە کوردە ئێرانییە هەڵنەگیراوە».

ئەم ٩ پەناخوازە کوردە لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە لەگەڵ ٥٧ پەناخوازی دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا لە نزیک شاری ئێستانبول لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کران و دوای ٣ رۆژ بۆ شاری عەزازی باکووری سووریا سنوورداش کرانەوە. ئەم کەسانە لە خاکەلێوە و گوڵانی ئەمساڵدا بە شێوەی ڕەسمی لە ئێرانەوە سەفەریان بۆ تورکیا کردبوو و هەوڵیان دەدا بە بەلەم خۆیان بگەیەننە ئەورووپا.

ئەم کەسانە لە ڕێکەوتی ٣ی خەرماناندا لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕایان گەیاندبوو کە گوازراونەتەوە بۆ شارێکی سنووری لە نزیکی سووریا، هەروەها وتبوویان کە دوای دەستگیربوونیان بە دەستی پۆلیسی تورکیا سەرەتا خۆیان بە هاووڵاتیی سووریا لە قەڵەم داوە، بەڵام کاتێک زانیویانە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ سنوورداشیان بکاتەوە وێنەی پاسپۆرتەکانیان نیشان داوە و ڕایان گەیاندووە کە هاووڵاتیی ئێرانن. کەچی سەرەڕای ئەمەش پۆلیسی تورکیا دوای جیاکردنەوەیان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەجیا بەرەو شاری عەزاز لە باکووری سووریا دەریان کردوون و ڕادەستی هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سووریا کراون.

ڤیدیۆی کۆبوونەوەی ٩ پەناخوازی کورد لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران