بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبرییە) سزای لەسێدارەدانی ٢ بەندکراو بە ناوەکانی میلاد جاجەوی خاجیک و محەممەدعەلی ئەختەری کەهلان کە پێشتر بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای دزیی چەکدارانەوە و هەروەها «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان (١٢ی فێبرییە) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

میلاد جاجەوی خاجیک و محەممەدعەلی ئەختەری کەهلان سەرەتای ڕەزبەری ١٣٩٧ (سێپتامبری ٢٠١٨) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی میلاد غەفارزادەی قەرەقشڵاقی بە تۆمەتی «دزیی چەکدارانە لەگەڵ کوشتندا» لە زێڕنگەرییەک لە ورمێ، دەستبەسەر کران و لە خاکەلێوەی ١٣٩٨دا (ئاوریلی ٢٠١٩) لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای دزیی چەکدارانەوە و هەروەها «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)یان بۆ بڕایەوە.

سزای لەسێدارەدانی میلاد غەفارزادەی قەرەقشڵاقی لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بۆ سزای بەندکران، بەڵام سزای لەسێدارەدانی میلاد جاجەوی خاجیک و محەممەدعەلی ئەختەری کەهلان وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

دادنامەکەی لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ