بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی فەرشاد عەبدولی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

ئەم بەندکراوە ٣٠ ساڵەیەی خەڵکی شاری نوورئابادی پارێزگای لوڕستان، ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو. ناوبراو لەگەڵ ٢ بەندکراوی دیکەدا لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕەوە (٢٨ی ژوەن) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

دەوترێت سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوەکەی تر بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە و هەردووکیان گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو بەندەکەیان.