تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی گەلاوێژ (١٠ی ئاگۆست) سزای لەسێدارەدانی لانیکەم زیندانییەک بە ناوی ئەفشین ڕەحیمی‌هیدایەت کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.

ئەم بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ بەندکراوێکی تر بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، لەسەر ناسنامە و چارەنووسی ئەو بەندکراوەی تر تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەفشین ڕەحیمی‌هیدایەت، هاووڵاتیی ٣٠ ساڵانی خەڵکی کەنگاوەر، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەانی بۆ دەرچووبوو.

لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧ زیندانیی خەڵکی کەنگاوەر بە ناوەکانی موحسین یاقووتی، حەمزە فەروخی، مەنووچێهر خەزایی و ئەفشین ڕەحیمی‌هیدایەت بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان لە سێدارە دراون.