بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەز (٥ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی موجتەبا ئەمیری و مەنووچێهر بەرزگەر کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی پێشووتر لەگەڵ زیندانییەکی تردا کە ناوەکەی نەزانراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی کەرەج کرابوون.

موجتەبا ئەمیری، ٤٢ ساڵان، باوکی ٢ منداڵ و خەڵکی شاری هەرسینی کرماشان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

مەنووچێهر بەرزگەر، ٤٠ ساڵان و خەڵکی شاری هەرسینی کرماشانیش نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.