بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢ی بەفرانبار (٢٣ی دیسامبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی خوداکەرەم لوڕستانی و حسەین مووسیوەند کە پێشتر بە تۆمەتی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە سێدارە دراون.

خوداکەرەم لوڕستانی، ٥٠ ساڵان و حسەین مووسیوەند، ٤٣ ساڵان، هەردووکیان خەڵکی برووجێردی پارێزگای لوڕستان بوون کە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا چەند ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.