بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ی بەفرانبار (١٢ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی لانیکەم پێنج بەندکراو بە ناوەکانی هادی نەزەری، حوجەت میری، ئەکبەر تاج، ئەمیرحسەین مەلێکی و ئەحمەد لەتیفی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم پێنج زیندانییەی خەڵکی شارەکانی هەرسینی پارێزگای کرماشان و نوورئاباد (دولفان)ی پارێزگای لوڕستان، لە ساڵانی ڕابردوودا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

دەوترێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٦ بەندکراوی تر لەگەڵ ئەم ٥ بەندکراوەدا بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون، بەڵام تا ئێستا لەسەر ناسنامە و چارەنووسی ئەوانی دیکە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

یەحیا ڕەحیمی، نوێنەری شاری دولفان لە پارلەمانی ئێران، لە کۆتاڕۆژەکانی سەرماوەزدا (دیسامبەری ٢٠٢٣) گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دیداری خۆی لەگەڵ بنەماڵەی هەندێ لە زیندانیانی مەحکووم بە ئێعدامی ئەم شارەدا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە نێوان «هەزار تا دوو هەزار کەس» لە شاری دولفانی پارێزگای لوڕستان بە تۆمەتی فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

دوای چەند ڕۆژێک ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێران هەواڵێکیان لەژێر ناوی ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم نوێنەرەی پارلەماندا سەبارەت بە ئاماری سەیری مەحکوومکراوان بە ئێعدام بڵاو کردەوە و لە زمانی یەحیا ڕەحیمییەوە ڕایانگەیاند: «هەم لە ڕێگای نوێنەری پارلەمانیی دەزگای دادوەری و هەم لە ڕێگای سەرۆکی فەرمانگەی دادی پارێزگای لوڕستانەوە بەدواداچوونم بۆ ڕاستی و دروستیی ئاماری ڕاگەیەنراو لە لایەن بنەماڵەی ئەم مەحکوومانەی شاری دولفانەوە کرد و تێگەیشتین کە ئەو ئامارە زۆر بەرزە و دوورە لە ڕاستی و ژمارەی مەحکوومکراوان بە ئێعدام زۆر کەمە و تەنانەت کەمترە لە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک، کە ئەوەیش لە گەورەشارەکاندا رووی دابوو».