بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گوڵان (٧ی ئاوریل) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی حەسەن موحەڕەڕ کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گوڵان (٦ی ئاوریل) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو لە سێدارە دراوە.

حەسەن موحەڕەڕ، خەڵکی گوندی «لەرنێ»ی ناوچەی «تەرگەوەر»ی سەر بە شاری ورمێ، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

دەوترێت هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەدا چەند بەندکراوێکی دیکەیش بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون، بەڵام تا ئێستا لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانە زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.