بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نازیلا مەعرووفیان، خوێندکاری زانکۆی عەللامەی تاران و ڕۆژنامەوانی ٢٣ ساڵانی خەڵکی سەقز کە لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزاندا (٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و ئێستە لە بەندی ژنانی زیندانی قەرچەکدایە، سەرەڕای دۆخی خراپی جەستەیی، مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاوی لێ زەوت کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ئەم ڕۆژنامەنووسە پێوەندیی لەگەڵ محەممەدساڵح نیکبەختی پارێزەری نازیلا مەعرووفیاندا گرت کە لە وەڵامدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ئەرکی پارێزەریی دۆسیەکەی گرتووەتە ئەستۆ، وتی: «ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار (٤ی ژانڤییە) چوومە دادگا و پارێزەریی خۆم لە دۆسیەکەدا ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا نەمتوانیوە دۆسیەکە بخوێنمەوە، هەر بۆیە جارێ هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەو تۆمەتانە نییە کە ڕووبەڕووی خانمی مەعرووفیان کراوەتەوە و هەرکات توانیم خۆی ببینم و دۆسیەکە بخوێنمەوە زانیاریی پێویست بڵاو دەکەمەوە».

سەرچاوەیەکی ئاگاداری تر لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «دوای تێپەڕینی ٦٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، دوو دۆسیەی جیاواز بۆ نازیلا مەعرووفیان کراوەتەوە کە یەکیان نێردراوەتە بەردەم لقی ٢٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تاران و ئەوی تریشیان ڕادەستی لقی ١٠٢٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی تاران کراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، نازیلا مەعرووفیان لەبەر بڵاوکردنەوەی وتووێژەکانی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا لە سایتی «رویداد ٢٤» لە ڕەزبەر و گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (ئۆکتۆبر و نۆڤامبری ٢٠٢٢) بە دەستووری دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کرا و بە درێژایی ماوەی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەدا، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی قورس و فراوانەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «نازیلا هەر لەبەر ئەم گوشارانە تا ئێستە دوو جار جەڵدەی سووکی دڵی کردووە و سەرەڕای هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی موفەتیحی شاری ڕەی، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان. هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکانیش هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کردووە کە نابێ هیچ هەواڵێک لەسەر منداڵەکەیان بڵاو بکەنەوە، بە پێچەوانەوە دۆخەکە بۆ نازیلا قورستر دەکەنەوە».

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: «ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانبار (٤ی ژانڤییە) وەک وادەی لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە دۆسیەکان دیاری کرابوو، بەڵام نازیلا لەبەر ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی نەیتوانی لە بەردەم دادگادا ئامادە بێت و بەرپرسانی زیندان وازیان لە هەناردنی بۆ دادگاکە هێنا. سەرەڕای دۆخی خراپ و ناجێگیری تەندروستیی نازیلا و کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بە پێچەوانەی ڕەوتی دادگاکانی ئێران، کەچی بەرپرسانی دادوەری ئامادە نیین بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ناوبراو بگۆڕن بۆ بڕیاری بارمتە و ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە بەبێ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو، تا ئێستایش هەر لە دۆخی دژواری زینداندا ڕاگیراوە».