بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کراون، سەرەڕای دانانی بارمتە، تا ئێستایش مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدراوە و هێشتا هەر دەستبەسەرن.

دەوترێت حەفتەی پێشوو دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بۆ ئازادکردنی ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایان بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی دیاری کردبوو. بنەماڵەی ئەم مامۆستایانە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش بڕی بارمتەکەیان داناوە، بەڵام دادگای شۆڕشی سنە تا ئێستا ئامادە نەبووە نامەی ئازادییان بۆ دەر بکات.

ئەم مامۆستایانە لە یەک حەفتەی ڕابردوویشدا نەیانتوانیوە لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا پێوەندی بگرن و هیچ زانیارییەک لەسەر دوایین بارودۆخیان لە بەردەستدا نییە. لە ڕێکەوتی١٢ی گەلاوێژدا (٣ی ئاگۆست) بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم چالاکە پیشەییانە لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بۆ ماوەی یەک مانگی تر تازە کرایەوە.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەم ٤ چالاکە پیشەییە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر زەخت و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندان.

ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە ڕێکەوی ٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لەبەر چالاکییە پیشەییەکانیان و بەشداریکردن لە مانگرتنی پیشەیی مامۆستایاندا لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران.  ئەوان دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لەم ماوەیەدا تەنها توانیویانە چەند جارێک بە کورتی پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بگرن.

بە درێژایی ئەم ماوەیە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانی ئەم چالاکە پیشەییانەی مامۆستایان و سەردانکردنی دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان و هەروەها گردبوونەوە لە بەردەم دادگوستەریی ئەم شارەدا، تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراوان بە بنەماڵە و هاوکارانیان نەدراوەتەوە.