ڕۆژی ڕابردوو، هەینی ١٨ی سەرماوەز (٩ی دێسامبر)، دوابەدوای بانگەوازی «شۆرای ئازادیخوازانی کرماشان» کە لە چەند ڕۆژ پێشترەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابوویەوە، جەماوەرێکی گەورە و سەرنجڕاکێشی هاووڵاتییانی کرماشان لە درێژەی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی پێشتری خۆیان لە نزیک بە سێ مانگی ڕابردوودا، ئەم جارە لە ڕێگای بلواری تاقەوسانی ئەم شارەدا ڕێپێوانێکی بێدەنگیان بەڕێوە برد. بەڵام هێزە سەربازی و ئەمنییەکان کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بلواری تاقەوسان جێگیر کرابوون، هێرشیان کردە سەر بەشداربووانی ڕێپێوانەکە و ژمارەیەکی زۆریان بریندار و دەستبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە کرماشاندا، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان چەندین کاتژمێر پێش بەڕێوەچوونی ئەم ڕێپێوانە لە بلواری تاقەوسان و شەقامەکانی دەوروبەریدا بڵاوەیان پێ کرابوو و دەیانویست ڕێگری لە چالاکییەکە بکەن، بەڵام هاووڵاتییانی ناڕازی لە کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆوە بە بێدەنگی ڕێپێوانەکەیان دەست پێ کرد و بە بلواری تاقەوساندا بەڕێ کەوتن.

هێزەکانی دژەشۆڕش، بەسیجی سپای پاسداران و هەروەها هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان لەژێر فەرماندەیی سادق ئەشک‌تەڵخ و محەممەدڕەزا تەڵاییدا کە لە یەکێک لە یاریگەکانی دەوروبەردا جێگیر ببوون، دوای دەستپێکردنی ڕێپێوانەکە هێرشیان کردە سەر بەشداربووان و بە گازی فرمێسکڕێژ، گوللەی ساچمەیی و شەڕ و تەنانەت هاوێشتنی بەرد، هاووڵاتییانیان کردە ئامانج.

وێنەی هاووڵاتییانی برینداری ڕێپێوانی ڕۆژی هەینی ٩ی دێسامبری کرماشان

بە وتەی شایەتحاڵە مەیدانییەکان، لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی کە بە باتۆم، گوللەی ساچمەیی و شەڕ بریندار ببوون، ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان کراون و خەوێنراون، بەڵام ژمارەیەکی تر لە برینداران لەبەر مەترسیی دەستبەسەرکران سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانیان نەکردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە، چاوێکی هاووڵاتییەک کە گوللەی ساچمەی بەر کەوتبوو نابینا بووە و هاووڵاتییەکی تریش بە هۆی ئەوەی گوللەی شەڕ بەر سییەکانی کەوتووە لە دۆخێکی ناجێگیردایە. هەروەها زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتییش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. مەسعوود چراغی و ئەمیرحسەین بەرخورداریوەر لەو بریندارانەن کە لەم چالاکییەدا دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. فاتمە حەیدەریان، خوێندکاری بیناسازی و ڕۆژین کەریمی، خوێندکاری وەرزشیش لە ناو دەستبەسەرکراوانی دوێنێدان.

سەرەڕای سەپاندنی کەشێکی قورسی ئەمنی و هێرشی توندوتیژکارانەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بۆ سەر هاووڵاتییان و هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوون و بەردەوامبوونی ئەم چالاکییە، تا چەندین کاتژمێر دواتریش گردبوونەوەی ناڕەزایی لە بلواری تاقەوسان و شەقامەکانی دەوروبەریدا درێژەی پەیدا کرد. یەک لە شایەتحاڵە مەیدانییەکان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هێزەکانی بەسیجی سپای پاسداران دەیانویست کەسێکی لاو دەستبەسەر بکەن، بەڵام ژنێک هەوڵی دا بەر بەم کارە بگرێت، هەر بۆیە ئەو هێزانە بە باتۆم کەوتنە لێدانی و لە ئەنجامدا دەستی ئەو ژنە شکا».