بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پێنج چالاکوانی یارسان بە ناوەکانی سیاوەش حەیاتی، سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی، سەیدسرووش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی کە لە ڕێکەوتی ٩ و ١٠ی سەرماوەزدا (٣٠ی نۆڤامبر و ١ی دێسامبر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە شارەکانی کرماشان و ساوە دەستبەسەر کرابوون، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگای ئەمنییەدا لە کرماشان ڕاگیراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دێسامبر)، کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای ئازادکردنی ئەم چاکانەی کرد و ڕایگەیاند کە سیدکەرەم عەباسی، لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی یارسان کە لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزدا (١ی دێسامبر) لە ماڵەکەی خۆی لە ساوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان، لە ساتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە مانی لە خواردن گرتووە و ئەوان نیگەرانی دۆخی تەندروستیی ئەم چالاکوانە یارسانەن.

سیاوەش حەیاتی، سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی، سەیدسرووش عەباسی، عەلی نەزەری، محەممەد قبووڵی و ڕووزبێهـ حەیاتی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز (٣٠ی نۆڤامبر) لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەحنەوە بۆ کرماشان لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی بێستوون لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی و بە بێڕێزی و لێدان دەستبەسەر کران.

ئەگەرچی عەلی نەزەری، محەممەد قبووڵی و ڕووزبێهـ حەیاتی دوای دوو کاتژمێر ئازاد کران، بەڵام سیاوەش حەیاتی، سەیدئەمین عەباسی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی و سەیدسرووش عەباسی ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان کران.

ئەم کەسانە بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ ئازادکراوانی ڕێوڕەسمی ٢٧ی گەڵاڕێزاندا (١٨ی نۆڤامبر) سەردانی شاری سەحنەیان کردبوو. ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبر) ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەیدخەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگای یارسان، لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری. هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربووان و ژمارەیەکی زۆریان دەستبەسەر کرد.