بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو ١ی گەلاوێژ (٢٣ی جولای) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «ماڵتە»ی بانە دەسڕێژیان لە گرووپێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا دوو برای کۆڵبەر بە ناوەکانی سەعدوڵڵا یوونسی و عەلی یوونسی بە قورسی بریندار بوون. دوای گواستنەوەی ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە، سەعدوڵڵا یوونسی لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست داوە و دەوترێت عەلی یوونسییش لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە.

ئەم ٢ برا کۆڵبەرەی خەڵکی گوندی «گڵەسوور»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان ١٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لەبەر ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان، بریندار بوون.