نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ (٢٧ی جولای) دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە مەودای نزیکەوە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی شێرکۆ چاوشینی کوژرا و لانیکەم ٤ کۆڵبەری تریش بریندار بوون.

بە هۆی بەردەوامبوونی کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەرانەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایانگەیاند کە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەراندا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی گەلاوێژ (٢٨ی جولای) لە بەردەم فەرمانداری (قایمقامییەت)ی ئەم شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزاییانە بەڕێوە دەبەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بانە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ئێوارەی ئەمڕۆ دەستەیەک لە کۆڵبەران لە حاڵێکدا کە هەندێکیان هیچ کاڵا و بارێکیشیان پێ نەبووە، کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سەربازگەی سنووریی «بڕوێشکانی»ی بانە و لە ئەنجامدا شێرکۆ چاوشینی، ٣٨ ساڵان و باوکی مداڵێک، گوللەیەکی بەر کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم دەسڕێژەدا لانیکەم ٣ کۆڵبەری تر بە ناوەکانی محەممەد (پاشناو نادیار) خەڵکی سەقز، بێهزاد ئەمینی، خەڵکی سەقز، دانا شەعبانی و ڕزگار (پاشناو نادیار) خەڵکی بانە بریندار بوون. ئەم کۆڵبەرانە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کراون.

پێشتر و لە خەرمانانی ١٣٩٦دا (سێپتامبری ٢٠١٧) کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی قادر بەهرامی و حەیدەر فەرەجی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بووە هۆی هەڵگیرسانی زنجیرەیەک گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزاییانە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا.