بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ (٢٧ی جولای) هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کامێران بە ناوی سینا موزەفەری بە تەقەی هێزەکانی یەکەی ڕووبەڕووبوونەوەی کاڵای قاچاخ لە جادەی ئەهواز کوژراوە.

ئەم هێزانە بە گومانی بوونی کاڵای قاچاخ، لە جادەیەکی نزیکی ئەهوازدا کەوتوونەتە دوای ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دەسڕێژیان لێ کردووە کە لە ئەنجامدا چەندین گوللە بەر سینا موزەفەری کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. ناوبراو ٢٠ ساڵان و خەڵکی گوندی «دەرەویان»ی کامێران بوو.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە دەیان هاووڵاتیی کورد بە بیانوی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ لە جادەکانی پارێزگاکانی تری ئێراندا کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی ڕووبەڕووبوونەوەی کاڵای قاچاخ و کوژراون.