بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ (٩ی ئاگۆست) دەستەیەک لە کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی «دەرەگادر»ی شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران کە لە ئەنجامدا کاسبکارێک بە ناوی محەممەدئەمین ئەحمەدی کوژرا و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ئەحمەدی (برای محەممەدئەمین) و عوزەیر سابری‌ئازەر بریندار بوون.

تەرمی محەممەدئەمین ئەحمەدی براوەتە پزیشکیی دادی شاری نەغەدە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. هەروەها ئەم هێزانە لانیکەم چوار کاسبکاری سەرسنووری دیکەیشیان دەستبەسەر کردووە.

محەممەدئەمین ئەحمەدی ٣٠ ساڵان، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «لاجان»ی ناوچەی تەرگەوەڕی شاری ورمێ بوو.