بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر) سەمەد بەرگی‌نیا، لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی پیرانشار، دوای حەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوە چوو.

سەمەد بەرگی‌نیا، هاووڵاتیی ٥٥ ساڵان و باوکی دوو منداڵ، شەوی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و لە مەودای نزیکەوە تەقەی لێ کرا و بریندار بوو.

ناوبراو کە بە قورسی بریندار ببوو ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ کرا. ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر) ئەم خۆپیشاندەرە بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا منداڵێکی ١٦ ساڵان بە ناوی زەکەریا خەیاڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرابوو.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەدا لانیکەم ١٩ کەس بە ناوەکانی موحسین محەممەدی، فەرەیدوون مەحموودی، ڕەزا لوتفی، فەرجاد دەروێشی، زەکەریا خەیاڵ، فواد قەدیمی، مینوو مەجیدی، دانش ڕەهنما، سەدرەدین لیتانی، ئەمین مەعریفەت، میلان حەقیقی، عەبدوڵڵا مەحموودپوور، موحسین قەیسەری، سەعید محەممەدی، ئەمیر فوولادی، ڕەزا شەهیرنیا، ئیمان محەممەدی، عەبدولسەلام قادر گەلوان و سەمەد بەرگی‌نیا لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، سەقز، دێولان، کرماشان، شاباد و ئیلام بە تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت و بەسیج کوژراون. لە نێو کوژراوەکاندا ٣ منداڵی ١٦ ساڵان بە ناوەکانی عەبدوڵڵا مەحموودپوور، ئەمین مەعریفەت و زەکەریا خەیاڵ دەبینرێت.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ڕادەستکردنەوە و بەخاکسپاردنی تەرمی ئیمان محەممەدی لە شاری شەهاباد بەردەست نەکەوتووە.