بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبر) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٢٨ ساڵانی خەڵکی بانە بە ناوی سامان زارعی کوژراوە.

هەروەها دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ٧ی ڕەزبەر (٢٩ی سێپتامبر) گرووپێک لە کاسبکارانی کورد کە خەریکی گواستنەوەی ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستان بوون، لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە. ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵەکان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە یەک لە کاسبکارەکان بە ناوی شوانە مورادی‌ئەقدەم کردووە و کوشتوویانە.

شوانە مورادی‌ئەقدەم باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «گزگسک»ی پیرانشار بوو.