بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوە (٨ی ئاوریل) لاوێکی ٢٧ ساڵانی خەڵکی شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان بە ناوی حسەین مەلێکی، لە بولواری بەهارانی شاری قودسی پارێزگای تاران کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی تاران و کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوە (٨ی ئاوریل) چەندین ئەندامی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامی لە بولواری بەهارانی شاری قودس لێپرسینەوەیان لەم هاووڵاتییە کردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵە لە نێوانیاندا. دوای دەمەقاڵەکە یەک لەو هێزانە بەبێ هیچ هۆیەک لە مەودای چەندمەترییەوە تەقەی لێ کردووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، حسەین مەلێکیی ٢٧ ساڵان لەو دەسڕێژەدا گیانی لەدەست دا و ڕۆژی ڕابردوو تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

حسەین مەلێکی، ٢٧ ساڵان، خەڵکی شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری قودس بووە.