بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی جۆزەردان (٥ی ژوەن) کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵان بە ناوی هۆشیار حەسەنزادە لە ناوچەی سنووریی «زەڵێ»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووریی «زەڵێ»ی بانە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵانی خەڵکی بانە بە ناوی هۆشیار حەسەنزادە بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کە لە سینەوە پێکرابوو ڕەوانەی نەخۆشخانەی بانە کرا، بەڵام لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا لانیکەم ٦ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار، بانە، نەوسوود و سەلاسی باوەجانی بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان یان داکەوتن لە بەرزاییە سنوورییەکانەوە بریندار بوون.