ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم پێنج کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ٨ی گوڵان (٢٨ی ئاوریل) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «میلە»ی نەوسوود بە چەکی ساچمەزەن تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی نامدار حسەینی و ئەمین وەیسی بریندار بوون.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو کۆڵبەرێک بە ناوی حەبیب محەممەدی خەڵکی ڕوانسەر هەر لەم خاڵە سنوورییەدا بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بووە.

لە حاڵەتێکی تردا ئێوارەی دوێنێ دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتوونەتە بۆسەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە و لانیکەم دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئومید یوونسی و موختار شامورادی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە چەکی ساچمەزەن بریندار بوون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا کۆڵبەرێکی ٣٢ ساڵانی خەڵکی گوندی سیوەڕی مەریوان بە ناوی مەسعوود محەممەدی بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بریندار بووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە ماوەی ٣ حەفتەی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان و لە ئەنجامی تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا، کۆڵبەرێک بە ناوی ئارش نووری کوژراوە و لانیکەم ٢٩ کۆڵبەریش بریندار بوون.


وێنەکانی برینداربوونی ئومید یوونسی و موختار شامورادی