ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵان (٢ی مەی) کۆڵبەرێکی ٤٠ ساڵان بە ناوی جەلال سوهرابی لە ناوچە سنوورییەکانی «سوورکێو»ی بانە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و کوژرا.

ئەمە دووهەم حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەرانە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە لە ماوی ٢٤ کاتژمێردا. ئێوارەی ڕۆژی پێشووتریش کۆڵبەرێکی ٤٥ ساڵان بە ناوی هێمن ئەحمەدی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی «بستام»ی شاری سەقز کوژرابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵان (٢ی مەی) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «سوورکێو»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال سوهرابی گیانی لە دەست دا.

جەلال سوهرابی، ٤٠ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «تاژان»ی بانە بوو. ئەم کۆڵبەرە ساڵی ڕابردوویش لە کاتی کۆڵبەریدا بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار ببوو.