ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوە (٢١ی ئاوریل) کۆڵبەرێکی ٣٤ ساڵانی خەڵکی بانە بە ناوی شوانە ئەحمەدپوور لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و کوژرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «سەرداو»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی شوانە ئەحمەدپوور گیانی لە دەست دا.

دەوترێت دوو کۆڵبەری تریش لەم دەسڕێژەدا بریندار بوون و بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی شاری پێنجوێنی هەرێمی کوردستان کراون.

شوانە ئەحمەدپوور، ٣٤ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «نەجنەی خواروو»ی بانە بوو. تەرمی ئەم کۆڵبەرە گوازراوەتەوە بۆ پزیشکیی دادی شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان.