بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «سەرداو»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودایەکی نزیکەوە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی هەژار فەرەجی کوژراوە.

ئەم کۆڵبەرە ٢٩ ساڵی تەمەن و خەڵکی گوندی «زەڕبنە»ی بانە بوو.

کوژرانی ئەم کۆڵبەرە تەنها چەند ڕۆژ دوای هەڕەشەکانی فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لەمەڕ ڕووبەڕووبوونەوەی توندی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە ڕووی داوە.

فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە بەسەرکردنەوەی سەربازگە سنوورییەکانی بانەدا ڕایگەیاندبوو: «سنوورەکانی بانە لە حەفتاشەوە تا بروشکانی لە ٢ ماانگی داهاتوودا دادەخرێن و دەستوورمان داوە هیچ کەسێک بەبێ دەستوورەکانی سنوورپارێزان لە سنوورەوە هاتوچۆ نەکات و ئەگەر کەسێک یاسا پێشێل بکات بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە».